چیرۆکى دزییەک لە خورماتوو

بە دزینى پارە و ئۆتۆمبێلەکەى نەوەستان، برینداریشیان کرد

سیروان خورشید- خورماتوو

یاخوا بەڵاى ناگەهان روو لە کەس نەکات، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە گەڕەکى کۆمارى خورماتوو، کاتێک هەڵکەوت تەها بۆ نوێژى بەیانى خەو لە چاوەکانى دەزڕێت، دەبینێت دوو دز تاریکى شەویان کردووە بە فرسەت و دەرگاى هەورەبانەکەیان شکاندووە و هاتوونەتە خوارەوە.

دزەکان دەچنە ژوورى خەوتنى ئەو هاوڵاتییە و دەمانچەى لێ رادەکێشن و پێى دەڵێن چى زێڕ و پارەت هەیە بماندەرێ، ئەویش دەیەوێت رووبەروویان ببێتەوە، بەڵام یەکێک لە دزەکان چەقۆیەک دەکات بە قاچیا و بریندارى دەکات.

وەک ئەوەى هەڵکەوت تەها چیرۆکەکەى بۆ 964 گێڕاوەتەوە، چارى نەماوە، وتوویەتى بڕۆن لە ئۆتۆمبێلەکەمدا پارەى تێدایە و بیبەن، ئەوانیش هەم 5 ملیۆنى ناو ئۆتۆمبێلەکە و هەم لاندگرۆزەرەکەشى دەبەن و وەک بەرزەکى بانان بۆى دەردەچن.

پێداچوونەوە ؛ وریا فەتاح