زیاتر لە 100 فێرخواز یۆگا دەکەن
عاموودا پێشەنگى سووریا و رۆژئاوایە بۆ یۆگا
گەرناس مەعۆ- عاموودا
بە دەستپێشخەری و پاڵپشتیی ناوەندی رۆشنبیریی “کولتورڤان”، کلتووری وەرزشی یۆگا گەیشتووەتە شاری عامودا لە رۆژئاوای کوردستان و بە خێرایی لەناو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە. بەمەش عامودا دەبێتە یەکەمین شار لەسەر ئاستی سوریا بەتایبەتی و ناوچە کوردییەکان بەگشتی، کە بەشێوەیەکی رێکخراو ئەم وەرزشە ئەنجام بدات.
، ناوەندەکە لە ساڵی 2021ـەوە دامەزراوە و دەستی بە راهێنانەکان کردووە. تائێستا زیاتر لە 100 فێرخوازی منداڵ لە تەمەنی 4 بۆ 14 ساڵی تۆمارکردووە. لەناو ئەم فێرخوازانەدا، کۆمەڵێک منداڵی لێهاتوو هەڵبژێردراون کە بوونەتە ناوکێک بۆ پێکهێنانی گرووپێک لەژێر ناوی “ئەستێرەکانی یۆگا لە رۆژئاوا”.
سەبارەت بە کاتەکانی راهێنان، لە کاتی پشووەکاندا هەفتەی 4 رۆژ و لە کاتی دەوامی خوێندنگەکانیشدا هەفتەی 2 رۆژ راهێنان بە منداڵان دەکرێت، هەروەها هەفتەی دوو وانەش تەرخانکراوە بۆ ژنان. جیا لە وانە ئاساییەکان، ناوەندەکە وانەی تایبەت لە هەوای کراوەدا و لە شوێنە دیارەکانی وەک “گۆڕەپانی سینەما عامودا” و “گردی شەرمۆلا” ئەنجام دەدات. لە ئێستاشدا ئامانجی ناوەندەکە پێگەیاندن و دەرچوواندنی راهێنەری باوەڕپێکراوە لەلایەن دەستەی جیهانیی یۆگاوە، بۆ ئەوەی بازنەی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەیی و نێودەوڵەتی فراوانتر بکەن.
ئاڵا عەبدولفەتاج کە راهێنەرى فێرگەکەیە بە 964ـى وت،”یۆگا زانستێکی پزیشکیی تەواوکەرە، بەڵام قبوڵکردنی لەلایەن کۆمەڵگەی ئێمەوە هێشتا وەک پێویست نییە، چونکە بەشێکی خەڵک بەهۆی پابەندیی ئایینییەوە لێی پارێزکارن و دەیبەستنەوە بە ئایینی هیندۆسییەوە. هەندێکیش پێیان وایە وەرزشێکی بێ سوودە.”
ئاڵا کە پێش 20 ساڵ لە ڕێگەی هاوڕێیەکی هیندییەوە ئاشنای یۆگا بووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵان زۆرترین سوود لەم وەرزشە دەبینن و دەڵێت: “ئێمە کۆمەڵە منداڵێکمان هەیە کە زیاتر لە شەش ساڵە راهێنان دەکەن و رۆژ بە رۆژ بەرەوپێش دەچن، چونکە منداڵان خێراتر تێدەگەن و زیاتر حەز بەم وەرزشە دەکەن.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح