"لە ئەمبوڵانس کەوتووەتە خوارەوە"

بریندارێکى دیکەى رووداوەکەى کەسنەزان گیانى لەدەستدا

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
یەکێکی دیکە لە بریندارانی رووداوى هاتوچۆکەى هەفتەی رابردووی رێگای کەسنەزان گیانی لەدەستدا، بەڵام بە وتەی کەسوکارەکەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی خودی رووداوی هاتوچۆکە نەبووە، بەڵکو دوێنێ لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە لە ئەمبوڵانس کەوتووە و تووشى خوێنبەربوون بووە.

ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 47 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 13 ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی، پیشەی بەفرفرۆش بووە لەسەر رێگای هەولێر – کەسنەزان.

عومەر عیسا، برای کۆچکردوو چیرۆکی گیانلەدەستدانی براکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “براکەم لە مەترسی دەرچوو بوو، پزیشکەکانیش هەر وایان پێ وتین، بەڵام دوێنێ وتیان پێویستی بە تیشکێکە، بۆیە لە نەخۆشخانەیەکەوە گواستیانەوە بۆ یەکێکی تر تا تیشکەکەی بۆ بکەن.”
بەوتەى عومەر عیسا، لە کاتى دابەزاندنى براکەى لە ئەمبوڵانس کەوتووەتە خوارەوە و سەرى بەر ئاسنى ئامبوڵانسەکە کەوتووە، بەهۆیەوە تووشی خوێنبەربوون (نەزیف) بووە، ئەوەش بە هۆکارى گیانلەدەستدانەکەى دەزانن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە رێگای کۆیە – هەولێر لە شەقامی کەسنەزان، بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا. بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون،
پێداچوونەوە: وریا فەتاح