سەرکەوتووبون
لە نەخۆشخانەی هیوا؛ بە پرۆسەیەکی دەگمەن چاندنی مۆخ بۆ نەخۆشێکی پارێزگای دهۆک ئەنجامدرا
دیلان محەمەد- سلێمانى
سەنتەری چاندنی مۆخ لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، سەرکەوتنێکی نوێی پزیشکی تۆمارکرد و توانیان لە پرۆسەیەکی زۆر ورد و ئاڵۆزدا، مۆخی ئێسک بۆ نەخۆشێکی پارێزگای دهۆک بچێنن و ژیانی ڕزگار بکەن کە تێچووی پرۆسەکە لە دەرەوەی وڵات سەدان هەزار دۆلارە.
د. دێرین ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕ لە چاندنی مۆخی سووری ئێسک بە 964ـى رایگەیاند، نەخۆشەکە تووشی نەخۆشیی “بەریشاڵبوونی مۆخی خوێن” ببوو، کە بەهۆیەوە مۆخی نەخۆشەکە نەیدەتوانی وەک پێویست خانەی خوێن دروست بکات، ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی قەبارەی سپڵی گەورە ببێت.
بە وتەی ئەو پزیشکە، نەخۆشەکە پێشتر دەرمانی تایبەتی وەرگرتبوو، بەڵام جەستەی هیچ کاردانەوە و وەڵامدانەوەیەکی بۆ چارەسەرەکان نەبووە، بۆیە بڕیاری چاندنی مۆخیان بۆ داوە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی پرۆسەکە، د. دێرین ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتا لە رێگەی چارەسەرەوە قەبارەی سپڵی نەخۆشەکەیان بچووک کردووەتەوە، پاشان پرۆسەی چاندنی مۆخیان لە براکەیەوە بۆ ئەنجامداوە. ئەو پزیشکە ئەوەشی روونکردەوە کە وەرگرتنی مۆخەکە لە براکەی بەبێ هیچ نەشتەرگەرییەک بووە و هاوشێوەی بەخشینی بوتڵێک خوێنی ئاسایی بووە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەختی لەوەش کردەوە کە کارەکە پێویستی بە وردەکارییەکی زۆر هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە دوای 28 رۆژ مانەوە لە سەنتەرەکە و چاودێریکردنی، نەخۆشەکە بە تەندروستییەکی زۆر باشەوە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
لەبارەی تێچووی ئەم جۆرە چارەسەرە ئاڵۆزەشەوە، د. دێرین ئەحمەد ئاشکرای کرد: “ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدرێت، تێچووەکەی لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دۆلاردایە (10 بۆ 15 دەفتەر)، ئەگەر لە ناوخۆی کوردستانیش بێت لانیکەم 10 دەفتەری تێدەچێت، بەڵام لە سەنتەری چاندنی مۆخ لە نەخۆشخانەی هیوا ئەم کارە گەورەیە بۆ نەخۆشەکە کراوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح