دوای دوو ساڵ لە راکردنی

تۆمەتباری دزینی 825 ملیۆن دینارەکەی کەرکوک لە بەغدا دەستگیرکرا

پەری ساڵح

بەشی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە بەغدای پایتەخت، توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی گەورەترین دۆسیەی دزینی پارێزگاکە دەستگیربکەن، کە بڕی 825 ملیۆن دیناری عێراقی لە خاوەن کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزیبوو.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک، رووداوەکە بۆ ساڵی 2024دەگەڕێتەوە، تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگەی ئاڵۆزی بۆ خۆشاردنەوە و ناسنامەگۆڕین بەکارهێناوە و بەردەوام لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا هاتوچۆی کردووە بۆ ئەوەی لە دەستی یاسا رابکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکردنەکە دوای پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ و بەدواداچوونی وردی مەیدانی و تەکنیکی هاتووە کە چەند مانگێک سۆراغی تۆمەتبارەکەیان کردووە، دوای دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی لە بەغدا، هێزێکی پۆلیسی کەرکوک بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی رەسافە و دەزگا هەواڵگرییەکان، لە رێگەی بۆسەیەکی توندەوە دەستگیریان کردووە.

پۆلیسی کەرکوک روونیکردەوە، لە ئێستادا وتە و دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکە بە فەرمی تۆمارکراون و دۆسیەکەی رەوانەی دادگا کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دژی.