لە شەش شاری ئێران

 ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ 132 کەس بەرزبووەتەوە

شۆڕش قادری

ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر شەش شاری ئێران بۆ 132 کەس بەرزبووەتەوە.

حسێن کرمانپوور بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە پۆستێکی تازەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی 7 و 8ـی ئەم مانگەی ئەمریکا بۆ سەر شەش شاری وڵاتەکەیان، 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 115 کەسی دیکەش برینداربوون کە دوو کەسیان ژنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 14 برینداریان نەشتەرگەریان بۆ کراوە و 102 کەسیان لە نەخۆشخانە نەماون و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

هەفتەی رابردوو و لە دوو شەوی یەک لەدوای یەکدا ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردەسەر شارەکانی بەندەرعەباس و بوشەهر و سیرک و چابەهار و جاسک و چەند بەندەرێکی دیکە لە باشووری ئێران، تاران ئەو هێرشانە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دەزانێ و واشنتنیش دەڵێت، لەو وەڵامی هێرش کردنەسەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە، لە دوایین پۆستیشیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە هیچ ئاگربەستێک لە نێوانیاندا نەماوە.