ئاماری نوێی ئەنجومەنی باڵای دادوەری؛

بەسرە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و نەینەواش لە خۆکوشتن لە سەرووی پارێزگاکانی عێراقەوەن

فەرهاد حەسەن

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری بازرگانیکردن بە مرۆڤ، نیشتەجێبوونی نایاسایی و خۆکوشتنی بۆ مانگی تەممووز بڵاوکردەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە پارێزگای بەسرە و نەینەوا بۆ حاڵەتەکانی یەکەم و سێیەم، لە سەرووی پارێزگاکانی عێراقەوەن.

بەپێی ئامارەکان، لە مانگی تەممووزدا کۆی گشتی حاڵەتەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 167 حاڵەت بووە و دۆسیەی تایبەت بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە تۆمارکراون.

پارێزگای بەسرە لەسەرووی هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە دێت کە 73 دۆسیەی تۆمارکردووە، لەدوای ئەویش دادگای کەرخ لە بەغداد بە 21 دۆسیە و دادگای رەسافە بە 19 دۆسیە لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان.

لەبەرامبەریشدا لە دادگاکانی نەینەوا، نەجەف، زیقار، موسەنا و کەربەلا هیچ دۆسیەیەکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە.

هەر بە پێی ئامارەکە لەم مانگەدا 384 پێشێلکردنی یاسایی لە نیشتەجێبوونی بیانییەکان کراوە، کە ئەمش سەرپێچییە بەسەر یاسای ژمارە 76ی ساڵی 2017 کە تایبەتە بە نیشتەجێبوونی بیانیان.

لە دادگای رەسافە لە بەغداد بە 233 دۆسیە تۆمار کراون و لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش دادگای کەرخ دێت بە تامارکردنی 88 دۆسییە و پارێزگای واستیش بە 28 دۆسیە لە پلەی سێیەمدایە.

لەبەرامبەریشدا لە زۆربەی پارێزگاکانی وەکو بەسرە، نەینەوا، بابل، زیقار، ئەنبار، میسان، موسەنا و کەربەلا، هیچ دۆسیەیەکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بە حاڵەتەکانی خۆکوشتنیش ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی تەممووزدا 16 حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراون، ئەویش پارێزگای نەینەوا پێنج حاڵەت، کەرکوک سێ حاڵەت و پارێزگاکانی  بەغداد، دیالە و قادسیەش هەر یەکەیان دوو حاڵەت و لە دادگاکانی کەرخ و پارێزگای واست تەنیا یەکی یەک حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون.