"بۆ خۆشی دەچنە سەیران و لەوسەرەوە بە پرسەوە دێنەوە"
پانێڵێک بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی مەلەکردن بەڕێوەچوو
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
رێکخراوێک لە سلێمانی پانێڵێکی رێکخست بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی مەلەکردن لە شوێنە گەشتیارییەکان.
ئەمساڵ لە کوردستان بارانێکی باش باری، هەرچەندە ئەمە شتێكی دڵخۆشکەرە، بەڵام لەگەڵ بارانی زۆردا، ژمارەی رووداوەکانی خنکان زیادیان کردووە و بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکیش لە مەترسییەکانی مەلەکردن، لە شاری سلێمانی پانێڵێک بەڕێوەچوو.
ئاری محەمەد، ئەفسەری بەرگری شارستانیی سلێمانی کە لە پانێڵەکە ئامادەبوو، بە 964ـی وت، ئێمە بەردەوام لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە هاوڵاتییان هۆشیار دەکەینەوە لە مەترسییەکانی مەلەکردن لە شوێنە نەشیاوەکان، لە شوێنە گەشتیارییەکانیش هێمای ئاگادارکردنەوە و رێنمایی دادەنێین و داوا لە هاوڵاتییان دەکەین نەچنە ئەو ئاوانەی بەکەڵکی مەلەکردن نایەن.
رێبوار محەمەد، کە یەکێکە لە رێکخەرانی پانێڵەکە بە 964ـی وت، “ئێمە دوو ئامانجمان هەیە، یەکێکیان بەرزنرخاندنی ئەو چین و توێژانەیە کە خزمەت بە گەل و وڵاتمان دەکەن، وەک بەرگری شارستانی و کارمەندانی تەندروستی و کرێکاران و ژینگەپارێزان، ئامانجی دووەمیشمان هۆشیاریکردنەوەی گەنجانە”.
“ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە، ئاستی ئاوی رووبار و دەریاچەکان بەرز بووەتەوە، گەنجانیش کاتێک بۆ گەشت و سەیران دەچنە دەرەوەی شار، بەداخەوە بەهۆی ناهۆشیاری لە مەلەکردن، لەوسەرەوە بە پرسەوە دەگەڕێنەوە و هەندێك جاریش دوای چەندین رۆژ، تەرمی خنکاوەکان دەدۆزرێنەوە”، رێبوار محەمەد بەمجۆرە باسی لە هۆکاری رووداوەکانی خنکان کرد کە ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی