دوو تەقینەوەکەی دیمەشق 18 کەسی بریندارکرد
وەزارەتی ناوخۆی سوریا: بۆمبێک لە ناو حاویەی خاشاکدا داندرابووەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، بەهۆی دوو تەقینەوەکەی شاری دیمەشقەوە 18 کەس بریندار بوون، کە چواریان کارمەندی پۆلیسن، ئاماژە بەوەشدەکات کە یەکێک لە بۆمبەکان لە ناو حاویەی خاشاکدا داندرابووەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاندووە “دوو تەقینەوەکە لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت روویاندا و دەڵێت “شوێنی تەقینەوەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو سنوورە ئەمنییەی کە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی فەڕەنسا تەرخانکراوە و هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونەکە نەبووە”.
باس لەوەدەکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیاندا دوو بۆمبی چێنراویان بەدی کردووە و یەکە تایبەتمەندەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بەڵام لە کاتی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی پووچەڵکردنەوەکە تەقیونەتەوە.
هەر بە پێی راگەیەندراوەکە “هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵێکی ئەمنییان لە دەوروبەری شوێنەکەدا سەپاندووە، لە کاتێکدا یەکە تایبەتمەندەکان دەستیان بە پرۆسەی پشکنین و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا کردووە”.
بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان کە پشکنینیان بۆ شوێنەکان کردووە، بۆمبەکان بە شێوازێکی سەرەتایی (سادە) دروستکراون، یەکەمیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی راگیراو لە لای جادەکەدا دانراوە، دووەمیشیان لە ناو حاویەیەکی خۆڵ و خاشاکدا بووە.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە “لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردهكارییهكانی هێرشەکە و دیاریکردنی ناسنامەی تێوەگلاوان بەردەوامن”.