دووبز

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڤیدیۆى بۆردومانکردنى چەکدارانى داعشیان بڵاوکردەوە

964+

وریا فەتاح

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F16 مۆڵگە و حەشارگەکانی داعشیان لە سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەزای دووبز بۆردومان کرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە دوای پێنج رۆژ چاودێریکردنی بەردەوام و وردی هەواڵگری هاتووە، بە پشتبەستن بە زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق جێبەجێ کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆردومانەکان زۆر ورد و سەرکەوتوو بوون و راستەوخۆ حەشارگەکانی تیرۆریستانیان لە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هەرێم و ناوەند لە دیوی قەزای دووبز کردووەتە ئامانج.

راگەیەندراوەکەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قەبارەی زیانەکانی داعشی ئاشکرا نەکردووە و دەڵێت، “لە کاتێکی دیکەدا وردەکاری و ئەنجامی گورزەکان بڵاودەکەینەوە”، جەختیش دەکاتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە راوەدوونان و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و هیچ پەناگەیەکیان بۆ ناهێڵنەوە.