خەڵکی رانیە بوو و منداڵێکی دوای خۆی جێهێشت

تەرمی ئەو گەنجەی لە بەریتانیا گیانی لەدەستدا گەڕێنداریەوە و بەخاکسپێردرا

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

هەفتەیەک پێش ئێستا گەنجێکی خەڵکی رانیە لە وڵاتی بەریتانیا لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.

هەنگاو مینە برای ئەو گەنجە بە 964ـی وت، “هیوای برام نزیکەی 9 مانگ بوو گەیشتنبووە بەریتانیا، 25 رۆژ دەبوو، ئیقامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتبوو، پێنجشەممەی رابردوو لەکاتی کارکردن و لەسەر بان کەوتەخوارەوە و بەهۆی خوێنبەربوونەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا”.

ئەو گەنجە خێزاندارە و منداڵێکی لەدوای خۆی جێهێشت.

هەر لەسەر قەبران و لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو گەنجە، بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە 964ـی وت، تا ئێستا تەرمی 100 کۆچبەریان لەدەرەوە هێناوەتەوە کوردستان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری