وەزارەتی دارایی
تەنیا یەک رۆژ دابەشکردنی موچە دەوەستێت
فەهمی نەبی
وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت لەرۆژانی پشووی نەورۆز دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی بێت تەنیا 21ی ئادار موچە دابەشناکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ 20.3.2023 رایگەیاند، سەرجەم ئەو بانکانەی موچەی لێ دابەشدەکرێت لە رۆژانی پشووی نەورۆز کراوە دەبن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە واتا 22-23.3 موچە دابەشدەکرێت و تەنیا رۆژی 21ی مانگ موچە دابەشناکرێت.
رۆژی چوارشەممە هەریەکە لە وەزارەتی داد، ئەنجومەنی دادوەری، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان و دیوانی چاودێری دارایی موچە وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە هەریەکە لە وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، دەتەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن موچەی مانگی شوبات وەردەگرن.
رۆژی 8ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی راگەیاند و وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت موچەی وەرگرت.