لە بتوێن
باران دەستی نیعمەتی گەیاندە گڵۆبەڕۆژە؛ خەرمان بەرەکەت
رازاو محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ دەستپێك و پێگەیشتنی گوڵەبەرۆژە، جوتیارانی دەشتی بتوێن خەریكی چنینەوەی بەرهەمەكانیانن، ئەوان دوای چنین، گوڵەبەرۆژەكان دەتەكێنن و بۆ فرۆشتن ئامادەیان دەكەن، ئەمساڵ بۆ ئەوان جێگەی دڵخۆشییە و دەڵێن، دەست مایەیان دیارە.
مەزەندە کراوە لەهەر دۆنمێکی چێندراو و بەپێی دۆخی کێڵگەکان و چاودێری، لە نێوان 400 تا 450 کیلۆگرام بەرهەمی گڵۆبەڕۆژە هەبێت.
حاجی هەباس خدر، كە ساڵانێكی زۆرە لە بواری كشتوكاڵی گوڵەبەرۆژە كار دەكات لە دەڤەری بتوێنی ئیدارەی راپەڕین، بۆ 964 دەڵێت، بەرهەمی ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە زۆر باش بووە و جۆرەكانی، وەك خۆماڵی و باڵابەرز، چاندراون، بەڵام جۆری خۆماڵی زۆرترین داواكاری لە بازاڕدا هەیە كە پێیشی دەوترێت رەساسی.
بەپێی قسەی حاجی هەباس، كەمبوونی كرێكار وای كردووە خۆیان دەست بە تەكاندنی گوڵەبەرۆژەكان بكەن، ئەو دەڵێت دوای تەكاندنیش، بەرهەمەكە بە ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیانەوە دەفرۆشرێت، بۆیە هیوادارن بەرهەمی باشی ئەمساڵ قەرەبووی ماندووبوونیان بۆبكاتەوە.
لەبارەی بەرهەمی جوتیاران، جوتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بە 964 رایگەیاند، کە گوڵەبەرۆژە دوو وەرزی چاندنی هەیەیەکێکیان لە بەهار و ئەوی دیکەیان لە هاوین، بە وتەی ئەو، بەرهەمی وەرزی بەهار بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، و لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین ڕووبەری چاندنی گوڵەبەرۆژە لە ناوچەی ڕاپەڕینە.
ئەو ئاماژەی بە گرنگی و سوودی ئەم بەرهەمە کرد و وتی گوڵەبەرۆژە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و نزیکەی 40 تا 45 لە سەدی زەیتی تێدایە، کە لە پیشەسازی و خواردندا سوودی لێ وەردەگیرێت، هەروەها پاشماوەی گوڵەبەرۆژەش وەک خواردنی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت و بایەخێکی ئابووری بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە.
جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتیشی، لە هەر دۆنمێکی چێندراوی گوڵەبەرۆژەدا، بە پێی دۆخی کێڵگە و چاودێری، لە نێوان 400 تا 450 کیلۆگرام بەرهەم دەهێنرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا