"دۆسیەکانیان لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بجوڵێنن"

موجتەبا خامنەیی: دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل سزا بدرێن

شۆڕش قادری

موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران داوا دەکات دۆسیەی تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە وڵاتەکەی لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بجوڵێندرێن.

خامنەیی لە پەیامێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێرش کردنەسەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە دەرمانییەکان و هەروەها کوشتنی منداڵان و بەتەمەنەکان لە شەڕەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا و لە سەرووی هەمووشیانەوە، کوشتنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەدان دۆسیەی یاسایی گرنگ پێکدەهێنن  و دەبێت لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بجوڵێندرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دانپێدانانی بەشێک لە سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تاوانەکانیان، زەمینە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان دەستەبەر دەکات.

موجتەبا خامنەیی دەڵێت، “ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ یەخەی تاوانباران بگیرێت و بە سزای کردەوەکانیان بگەیەندرێن”.

لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئەمساڵی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە رۆژی 28.2.2026 بوو، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازی وڵاتەکە لە ماڵی خامنەیی لە تاران کوژران و موجتەبای کوڕیشی بەسەختی برینداربوو، هەرچەندە دوای چەند رۆژێک، موجتەبا چووە شوێنی باوکی، بەڵام تا ئێستا دەرنەکەوتووە و هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەتەوە.