کێ ناوی ئەوانی داوە؟

سەرچاوەیەکی پلە باڵا: زەیدی هەموو گەندەڵەکان راو دەکات

ئەحمەد مستەفا

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، وەک بڵێی دەستیان بە پاککردنەوەی گەندەڵی لە وڵاتەکە کردبێ، هێز و چەک خراوەتەکار و لە بەغدا و چەند پارێزگایەک دەست بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەڕلەمانتار و بەرپرس کراوە، کە ناویان هەیە و گەندەڵییان کردووە.

سەرچاوەیەکی پلە باڵای حکومەت بە ئاژانسی فەڕمی وڵاتەکەی وتووە، هەواڵی دەستگیرکردنی چەند کەسێکی تۆمەتبار بە دۆسیەی گەندەڵی، بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بووە، کە پێشتر بە تۆمەتی بردنی پارە و دۆزینەوەی ئاڵتون لە ماڵەکەیدا دەستگیرکراوە.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی فەڕمی عێراقی وتووە، ژمارەیەک کەسی تۆمەتبار بە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراون لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت بووە.

کە دەستگیرکردنەکان ئەو ئەندامانەی پەرلەمانیان لەخۆگرتووە پارێزبەندییان هەڵگیراوە، هەروەها ئەو بەرپرسانەی ناویان لەو دانپێدانانەدا دەرکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق درێغی ناکات لە راوکردن و راوەدوونانی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت.

چەند هەفتەیەكە دۆسیەیەك لە عێراق بە شێوەیەكی زۆر گەرموگوڕ باسی لێوە دەكرێت، ئەویش دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقە كە یەكێكە لە گەورەترین دۆسیەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراق.

لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا، دەركەوتووە كە عەدنان جومەیلی زیاتر لە 40 موڵكی هەیە لە بەغدا و سەڵاحەدین و چەندان پارێزگای دیكەی عێراق، هەروەها كاتێكیش هێزێكی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵەكەی لە بەغدا، بڕی 10 ملیۆن دۆلار و سێ ملیار دیناری عێراقی بە كاش لەگەڵ چەند كیلۆیەك زێڕ و چەكێكی زۆر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمە جگە لەوەی باسی ئەوە دەكرێت كاتێك هێزە ئەمنییەكان چوونەتە مەزرەعەیەك كە ژنەكەی عەدنان جومەیلی لێ بووە، ئەو ژنە بەپەلە لە نێو تەندووری ئاگردا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری سووتاندووە، تەنانەت وێنەیەكیش بۆ ئەمە بڵاوكراوەتەوە بەڵام تا ئێستا وێنەكە پشتڕاست نەكراوەتەوە.