ژمارەیەکی زۆر هێشتا بێسەروشوێنن

ژمارەی گیانلەدەستدان لە ڤەنزوێلا بۆ 920 کەس بەرزبووەوە

پەری ساڵح

هێشتا بەشێک لە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا بێسەروشوێنن و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 920 کەس بەرزبووەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس ڤیدیۆی بەردەم نەخۆشخانەکان و گەڕانی تیمەکانی فریاگوزاری بڵاوکردووەتەوە لەناو داروپەردووە رووخاوەکاندا و دەڵێت، سەدان خێزان لەبەردەم نەخۆشخانەی “پێریفێریکۆ” لە ناوچەی کاتیای ڤەنزوێلا کۆبوونەتەوە و بەدوای بچووکترین زانیاریدا دەگەڕێن سەبارەت بە چارەنووسی ئازیز و کەسە بێسەروشوێنبووەکانیان.

دکتۆر جاسمین پیرێلا، یەکێک لە پزیشکەکانی ناوچەکە رایگەیاندووە، دۆخی تەندروستی خراپە و لە توانای ئێمە نەماوە،سەرجەم نەخۆشخانەکان بەهۆی ئەو ژمارە بێشومارەی بریندارەکانەوە، بە تەواوی پڕبوون و قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆریان تێدایە.

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بە سستی بەڕێوەدەچن، بەڵام هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تیمەکانی فریاگوزاری و سەگە راهێنراوەکانی سوپای مەکسیک گەیشتوونەتە شاری بەندەری “لا گوایرا” بۆ خێراکردنی پرۆسەی دەرهێنانی ئەو کەسانەی کە هێشتا لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە، بەڵکو بتوانن ژیانی هاووڵاتیان رزگار بکەن.