نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە سلێمانی - وێنە: 964
روونکردنەوەی هەیە
کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بە رەزامەندییە
ئەحمەد مستەفا
بۆردی ئیداریی نەخۆشخانەی هیوا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هەر جۆرە کۆمەک و هاوکارییەک بۆ نەخۆشخانەکە، چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشتر رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا وەربگیرێت.
بەپێی روونکردنەوەکە، کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی و ئیداری و لە ژێر چاودێری دارایی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ کۆمەک و هاوکاری پێشکەش نەکراوە و ئەو هاوکارییانەی لە ئێستادا کۆدەکرێنەوە، کەسیین و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەخۆشخانەی هیوا یان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە نییە.
لە کۆتاییدا، بۆردی ئیداریی نەخۆشخانەکە سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کردووە کە پشتیوانی و هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا دەکەن.
دەقی روونکردنەوەکە وەکخۆی؛
ڕوونکردنەوە
بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بخەینەڕوو:
هەر جۆرە کۆمەک و هاوکارییەک کە لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵات کۆدەکرێتەوە، پێویستە پێشتر ڕەزامەندیی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی و ئیداری و لە ژێر سەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتی چاودێری دارایی ئەنجام بدرێت.
بۆیە، لە ئێستادا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ کۆمەک و هاوکاری پێشکەش نەکراوە. ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە لە ئێستادا دەکرێن، لە ئاستی کەسی (مستەوای شەخسی)دان و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەخۆشخانەی هیوا و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە نییە.
لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هاوکار و پشتیوانی نەخۆشخانەی هیوان.
بۆردی ئیداریی نەخۆشخانەی هیوا