داتای وەزارەتی دارایی؛

نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسی هەرێم موچەخۆری حکومەتن

فەرهاد حەسەن

بەپێی داتای وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس مووچەخۆری حکومەتی هەرێمن و کۆی گشتی مووچەی ئەو کەسانە لە مانگێکدا دەگاتە زیاتر لە 945 ملیار دینار.

وەزارەتی دارایی بڵاوکردووەتەوە،  لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کارو چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی (2019 تاوەکو 2025) تێدا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی تێکڕای میلاکی فەرمانبەران و موچەخۆران و سودمەندانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەت و فەرمانگەو دەستەو سەرۆکایەتیەکان و دابەشبونیان لەسەر ئاستی پارێزگاکان خراوەتەڕوو، کە تەمویلی موچەی مانگانەیان لەحکومەتی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکردووە، بوونی دامەزراوە سیادیەکانی وەک سێ سەرۆکایەتیەکەو وەزارەتەکان و دەستەکان لە پارێزگای هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، هۆکاری بەرزی رێژەی فەرمانبەرانە لەو پارێزگایە.

دەشڵێت، میلاکی فەرمانگە و وەزارەتە سیادیەکان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک وەکو میلاک لەسەر پارێزگای هەولێر هەژمارن بەڵام دانیشتوی پارێزگای دهۆکن بۆیە ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پارێزگای دهوک کەمترە، بە هەمان شێوە لە پارێزگای هەڵەبجەش هەروایە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، جگە لە ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆر و وسودمەندان کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 کەسە، تەمویلی موچەی مانگانەیان زیاتر لە 945 ملیار دینارە تا کۆتایی ساڵی 2025.

نزیکەی 87 هەزار فەرمانبەری دیکە هەن کە پێکهاتوون لە مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەت و فەرمانگەو سەرۆکایەتیەکان کە موچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمە و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 42 ملیار دینارە و حکومەتی فیدرال موچەیان بۆ دابین ناکات.

هەر بەپێی داتاکان، تەمویلی راستەقینەی پارەی موچە (صافي مبلغ الراتب) مانگانە جياوازه له كۆی شايستەی مووچە (الراتب المستحق)، لەبەرئەوەی مانگانە گۆڕانکاری له كۆی پارەی لیستی موچەدا هەیە، رێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی و باج کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەکۆی تەمویلی موچە دەبڕدرێت، بەهۆی گۆڕانکاری لە بارودۆخی رۆژانەی فەرمانبەران و دابڕانی فەرمانبەران بەهۆی خانەنشینبونیان و دواتر داخڵ کردنەوەیان لەلیستی موچە و مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی بێ مووچەو هتد.