ئەمە دووەم کاروانە
محەمەد تەمیم: سبەینێ 500 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە 500 ملیۆن دۆلاری دیکە لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق و نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا دادەبەزێت.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە کە کاتژمێر 11ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت، محەمەد تەمیم دەڵێت، “سبەینێ کاروانێکی دیکەی دۆلار بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە دەگات.”
محەمەد تەمیم وتیشی، ئەو رێکارانەی حکومەت و بانکی ناوەندی دەیگرێتەبەر لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە ئەمریکاوە دەگات وا دەکەن نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا دابەزێت و نزیک ببێتەوە لە نرخی فەرمی یان رەنگە هەر بگاتە ئاستی نرخی فەرمی.
بەپێی قسەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمریکا بڕیاریداوە سێ ملیار دۆلار بۆ عێراق بنێرێت و هەر کاروانێک 500 ملیۆن دۆلارە، هەفتەی رابردووش یەکەم کاروانی دۆلار لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق.