کەڵکی خواردنی نییە
ماسی رووباری باڵەکیان کرم لێی داوە
ئاکام غەفور – سۆران
ماسی رووباری باڵەکیانی ئیدارەی سۆران، لە ناو لاشەکەی کرمێکی سپی هەیە، ماسیەکە کەڵکی خواردنی نەماوە و کەس نایخوات، کشتوکاڵی سۆرانیش دەڵێت، پیس بوونی رووبارەکە هۆکاری ئەو کرمەیە.
عەلی ئیبڕاهیم، راوچییەکی ناوچەکەیە و بۆ 964 قسەی کرد و وتی، دوو ساڵە لە تەنیا مەودای حەوت کیلۆمەتری رووبارەکە جۆرە کرمێک هەیە، لە شوێنەکانی تری رووبارەکە بوونی نیە.
وەک باسی دەکات، پێنج جۆری ماسی لە رووبارەکە هەن، هەموویان ئەو کرمەیان تێدایە و دەڵێت، ئەگەر ئەوە نەبوایە بەردەوام 15 راوچی لەسەر رووبارەکە خەریکی راوکردن بوون، بەڵام ئێستا کەس راوی ماسی ناکات.
لەسەر ئەو بابەتە کامەران مامەند، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران، بە 964ـی وت، هۆکاری ئەو کرمە پیس بوونی ئاوی رووبارەکەیە بە ئاوەڕۆی ماڵان و بوونی حەساری ئاژەڵ لەسەری، روونیشیکردەوە ئەوان بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەم بابەت دەکەن و هەر شتێک هۆکار بێت لەسەر رووبارەکە دووری دەخەنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر