بۆ کزانەوە و تەڵخى چاویش
شارەزایەکى رووەکناسى؛ ئاوى دۆمەڵان چارەسەرى وشکى چاوە
رازاو محەمەد- سلێمانى
ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشە و ریکلامێکی زۆر بۆ “ئاوی دومەڵان” دەکرێت، گوایە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لە کێشە و نەخۆشییەکانی چاو، بەڵام شارەزایەکی رووەکناسی رەتیدەکاتەوە ئەو ئاوە چارەسەری بنەڕەتیی هەموو نەخۆشییەکانی چاو بێت.
قەیوم عەبدولکەریم، شارەزای رووەکناسی بە 964ـى راگەیاند: عارەق یان ئاوی دومەڵان تەنیا بۆ کەمکردنەوەی خوران، سووربوونەوە و هەندێک جۆری ئیلتیهابات و هەوکردنی چاو سوودبەخشە.
ئەو شارەزایە رەتى دەکاتەوە کە دەڵێن ئاوی دومەڵان چاو بەهێز دەکات و کزیی چاو ناهێڵێت، جەختیش دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئەم ئاوە چارەسەر نییە بۆ لابردن و نەهێشتنی ئاوی سپی یان ئاوی رەشی چاو.
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەدەستهێنانی، قەیوم عەبدولکەریم روونیکردووەتەوە، کە ئاوی دومەڵان بە ئامێرێکی تایبەت و بە شێوەی دڵۆپاندن لە رووەکەکە وەردەگیرێت و عارەق یان (قەترە)ـى لێ دروست دەکرێت کە رۆژانە سێ قەترەى دەکرێتە چاوەوە.
دومەڵان رووەکێکی سروشتیی بەهارەیە و لە قووڵایی 5 بۆ 15 سانتیمەتر لەژێر خاکدا گەشە دەکات. بەهۆی ئەوەی نە رەگی هەیە و نە تۆو، ناتوانرێت لەلایەن مرۆڤەوە بچێنرێت، بەڵکو تەنیا لە وەرزی بەهاران و دوای بارانبارین و بروسکە، بە شێوەیەکی سروشتی لە ناوچە دەشتایی و بیابانییەکاندا دەڕوێت و لە کوردستانیش گەرمیان نیشتمانى سەرەکییەتى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح