"قوتابخانەکانی ناوشار پاڵەپەستۆیان لەسەرە"

قوتابیانی خورماڵ بۆ خوێندن پەنایان بۆ گوندەکان بردەوە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

بۆ درێژەدان بە خوێندن زۆرجار قوتابی و خوێندکار لە گوندەکانەوە روودەکەنە ناوشار، بەڵام لە خورماڵ ئەم نەریتە پێچەوانە بووەتەوە و قوتابیان پەنایان بۆ گوندەکان بردووەتەوە.

کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە، کە خورماڵ بۆ خوێندنی کوڕان تەنیا یەک قوتابخانەی بنەڕەتی پۆلەکانی (حەوت بۆ نۆ)ـی تێدایە بە ناوی قوتابخانەی قەڵای بنەڕەتی، هەموو ئەو قوتابیانەی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان دەردەچن دەچنە ئەو قوتابخانەیە، هەر بۆیە قەرەباڵغییەکی زۆر لەو قوتابخانەیە هەیە، دایکان و باوکان بە ناچاری قوتابیەکانیان دەنێرنە گوندەکانی دەورووبەر.

رێکەوت ئیبراهیم باوکی یەکێک لە قوتابییەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەو تاکە قوتابخانەیەی خورماڵ لۆدێکی زۆری لەسەرە، قوتابیان وەک پێویست ناتوانن ئاگایان لە مامۆستا و دەرسەکانیان بێت، بۆیە بە ناچاری قوتابییەکانمان دەنێرین بۆ ئەحمەدئاوا”.

“ئەو قوتابیانەی دەچنە ئەحمەدئاوا و گوندەکانی دەورووبەری زۆربەیان پۆلی حەوت، بەڵام تاک تاکەش پۆلی هەشتیان تێدایە”، رێکەوت ئیبراهیم وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ گواستنەوەی قوتابیان بۆ ئەحمەدئاوا پاسیان گرتووە و بەوهۆیەشەوە بارگرانی بۆ هەندێک لە بنەماڵەکان دروستبووە.

964 قسەی لەگەڵ سۆران عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە کرد بۆ ئەوەی بزانین کە ئاخۆ ئاگاداری ئەو گرفتە هەیە یان نە،  ئەو وتی، “راستە قوتابخانەی قەڵای بنەڕەتی ژمارەیەکی زۆر قوتابی هەیە، ئێمەش لەبەر نەبوونی میلاک نەمانتوانیوە بیکەین بە دوو دەوام، هەر بۆیەش خۆمان چەند قوتابخانەیەکمان ئاگادارکردۆتەوە کە نزیکن لە ناوەندی قەزای خورماڵەوە و بارگرانیەکی ئەوتۆ بۆ قوتابیان لە رووی هاتوچۆوە دروست ناکەن، بۆ ئەوەی بەشێک لەو خوێندکارانە وەربگرن، ئێستاش بەشێک لە قوتابیانی خورماڵ لە گوندەکانی دەورووبەری دەخوێنن”.

لە ئێستادا تەنیا لە پۆلی حەوتی قوتابخانەی ئەحمەدئاوای بنەڕەتی 15 قوتابی خورماڵ دەخوێنن و لە پۆلەکانی دیکەش 15 قوتابی وەرگیراون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری