ئاستی بەنداوی باوەشاسوار ٣٠٠ هەزار مەتر سێجا زیادی کردووە

میدیازان – فەرمان سادق

عەزیز کەریم، بەڕێوەبەری بەنداوی باوەشاسوار بە میدیازانی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی باوەشاسوار تا ٣٠٠ هەزار مەتر سێجا زیادی کردووە.

پارساڵ لەمکاتەدا ئاستی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار ٢٦٨ مەتر بووە لەئاستی رووی دەریا، ئەمساڵ زیادی کردووە بۆ ٢٧٠ مەتر، واتە قوڵییەکەی دوو مەتر زیادی کردووە، بەمەش بڕی تا ٣٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاوەکە زیادی کردووە، کە ساڵی رابردوو ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار مەتر سێجا بوو، ئێستا ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار مەتر سێجایە.

بەڕێوەبەری بەنداوی باوەشاسوار، روونی کردەوە کە یەکێک لە هۆکارەکان ئەو دەستگرتنە بووە بە ئاوەکەی بەنداوەکە لە وەرزی هاوین و پایز کە وەک ساڵانی رابردوو ئاو بەر نەدراوەتەوە، تەنیا لەو کاتە نەبێت کە جوتیاران پێویستیان پێی بووە بەپێی بەرنامە.
زیاتر وتی “یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، بەردانەوەی ئاوی کانیاوەکانی ئۆمەر بلەو بەکرە شلە بەهۆی ئەوەی کەمتر کاری کشتوکاڵی لەسەر ئەو دوو کانیاوە دەکرێت کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئاوی بەنداوی باوەشاسوارە”.

بەنداوی باوەشاسوار، بەنداوێکی بچووکەو دەکەوێتە ناوچەی باوەشاسوارو ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١٢ کارەکانی تەواو بووەو ئاوی تێدا ئەمبار کراوە، لە توانای دایە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گڵ بداتەوە.