لەناو دارستانە نەخۆشەکەی رانیە

بە بەخشینی خواردن و خواردنەوە هیلاکی کرێکارەکانی رەواندەوە

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیە هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ بڕینەوەی دارە وشکەکانی دارستانی دەستکردی رانیە و خاوەن کافێیەکیش بۆئەوەی ئەرکی داربڕەکان سووکتر بکات، هەستا بە دابینکردن و دابەشکردنی شەربەت و چای بۆ کرێکارەکان.

ئاوات مەحمود، خاوەنی کافێکە بە 964ـی وت، “بە ئەرکی خۆمم زانیوە کە یارمەتی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیە بدەم، چونکە هەموومان رۆژێک لەبەر سێبەری ئەم سنەوبەرانە پشوومان داوە و سوودمان لێ بینیون”.

دارستانی دەستکردی رانیە 51 ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووبەری 1260 دۆنم بنیاتنراوە و لە هەر دۆنمێک 120 دار چێندراوە، ماوەیەکە دارەکانی تووشی نەخۆشی بوون و وشکبوون، بۆیە ئەمڕۆ دەستکرا بە بڕینەوەیان و بڕیارە بکرێنە کورسی و مێز بۆ ناو دارستانەکە.

پێداچوونەوە؛ هەژان هادی