بێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵ کرا
سلێمانى؛ ئاگر لە سەربانی هۆتێلێکى دارەسووتاوەکە کەوتەوە
دیلان محەمەد- جەزا
کەمێک لەمەوبەر، ئاگر لە سەربانی هۆتێلێک لە بازاڕی دارەسووتاوەکەى سلێمانى کەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کابینەیەک بەتەواوی سووتان، بەڵام بەهۆی زوو گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بینای هۆتێلەکە لە سووتان رزگار بکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێرى 964 لە شوێنى رووداوەکە لە شایەتحاڵانى دەستکەوتووە، بینای هۆتێلەکە پێکهاتووە لە ژێرزەمینێک و دوو نهۆم، بەڵام ئاگرەکە تەنیا لە سەربانی بیناکە بووە و بۆ نهۆمەکانی خوارەوە شۆڕ نەبووەتەوە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە کاسبێکى گوزەرەکەیە و ئاگرەکەى بەچاوى خۆى بینووە، بە 964ـى وت، “لەپڕ دووکەڵێکی چڕ لە سەربانی هۆتێلەکەوە بەرزبووەوە، یەکسەر کابینەکان ئاگریان گرت و بەتەواوی سووتان”.
هەرچەندە ئاگرەکە خێرا بووە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە بکوژێننەوە و مەترسیی تەشەنەکردنی بۆ بەشەکانی دیکەی هۆتێلەکە و دوکانەکانی دەوروبەری نەهێڵن.
رووداوەکە تەنیا زیانی ماددی بەر ئەو کابینانە گەیاندووە کە لەسەربانەکە بوون و هیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و هۆتێلەکەش بە تەواوی سەلامەتە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح