ئه‌مڕۆ كلاسیكۆیەکی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

ئه‌مشه‌و كلاسیكۆیه‌كی دیكه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی تۆپی پێی ئیسپانیا ده‌كرێت، ئه‌مجاره‌ له‌ كاتێكدا ده‌كرێت هه‌ردوو یانه‌ 9 خاڵ له‌ یه‌كتره‌وه‌ دوورن.

له‌ گه‌ڕی 26ی خولی ئیسپانیا، ئه‌مشه‌و له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو یانه‌ی بارسێلۆنا میوانداریی یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌كات، به‌ڵام چ میواندارییه‌ك، پڕ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ركابه‌ریی به‌هێز.

به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌، بارسێلۆنا له‌ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌یه‌ به‌ 65 خاڵ و ریال مه‌درید له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ به‌ 56 خاڵ، بارسێلۆنا هه‌وڵ ده‌دات یاریی ناو یاریگه‌ی خۆی بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێك، كه‌ ریال مه‌درید له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ بێهیوا بكات.

ئه‌مه‌ كلاسیكۆی پێنجه‌می ئه‌م وه‌رزه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ و هێشتا یارییه‌كی دیكه‌شیان ده‌مێنێت، كه‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیایه‌ و 5ی نیسان ده‌كرێت.

دیداره‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی كلاسیكۆ
له‌م وه‌رزه‌دا، هه‌ردوو تیپ له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ ئه‌مریكا به‌یه‌كگه‌یشتن و بارسا به‌ 1-0 گۆڵ براوه‌ بوو، دواتر له‌ لالیگا ریال مه‌درید به‌ 3-1 گۆڵ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، ئینجا له‌ جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، كه‌ له‌ سعوودیه‌ كرا، بارسێلۆنا له‌ یاریی كۆتایی به‌ 3-1 گۆڵ له‌ ریالی برده‌وه‌، دوایارییان له‌ یاریی چوونی پێش كۆتایی جامی شا بوو، كه‌ بارسا به‌ 1-0 گۆڵ له‌ ناو مه‌درید بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد.

پێكهاته‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ردوو تیپ چۆن ده‌بێت؟
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی، پێكهاته‌ی هه‌ردوو تیپ له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

بارسێلۆنا
گۆڵپارێز: تێرشتیگن
به‌رگری: ئاراوخۆ، كۆندی، كریستینسن، باڵدی
ناوه‌ڕاست: بۆسكێتس، دی یۆنگ، كیسێ، گاڤی
هێرشبردن: رافینیا و لێڤاندۆڤسكی

ریال مه‌درید
گۆڵپارێز: كۆرتوا
به‌رگری: كارڤاخال، میلیتاو، رودیگێر، ناچۆ
ناوه‌ڕاست: كاماڤینگا، مۆدریچ، كرووس، ڤالڤێردی
هێرشبردن: كه‌ریم و ڤینیسیۆس.