لەبەر مەحكەمەی كۆنی سلێمانی 

لای دایە ئامینە بە 10 هەزار خۆت پۆشتە و پەرداخ بكە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئامینە محەمەدی تەمەن 76 ساڵان، لەگەڵ ژمارەیەك خانمی دیكە بەقەدپاڵی دیواری مەحكەمەی كۆنی سلێمانی، سەرقاڵی فرۆشتنی جلوبەرگی كوردی دەستی دوون و دەڵێت، هەرچەند ئیشەكە بۆ تەمەنی ئەو هیلاكەتە، بەڵام سەربەرزانە بژێوی خۆی پێ دابین دەكات و چاوم لەدەستی كەس نییە رەحمی خوا نەبێت.

لە دیمەنەكە دەردەكەوێت كە بەیانییەكی زووە و بەسەر كەڵەكەبووی جلوبەرگەكانییەوە دانیشتووە و سەرقاڵی جیاكردنەوەی كەلوپەلەكانییەتی تاوەكو چەند پارچەیەكی لێ هەڵبژێرێت و بەڵكو سفتاحی ئەمڕۆی مسۆگەر بكات.

ئامینە محەمەد، كە فرۆشیارێكی بەر مەحكەمەی كۆنی سلێمانییە و قسەی بۆ پەیامنێری 964 كردووە و وتی، رۆژانە لەگەڵ خۆرهەڵاتن دەگەمە لای جلوبەرگەكانم، ئەوەی بەرچاو بێت هەڵیدەبژێرم و ئامادەی دەكەم بۆ موشتەریەكانم، خۆم دەزانم كامە پارچە داواكاری هەیە و بەیانیان جیایان دەكەمەوە و دەیخەمە بەردەست.

دەشڵێت، لای من بە 10 هەزار دینار دەتوانیت خۆت (پۆشتە و پەرداخ) بكەیت و تاقمێكی جوان بكڕیت و بەرگدرووشت ناوێت، ئەگەرچی جلوبەرگەكان زۆر هەرزانن و نرخەكانیان لە هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 10 هەزار دینار، كراسێك بە سێ هەزارە و كەوایەك بە حەوت هەزار دینار، بەڵام ناشكوری نەبێت بازاڕەكە نییە.

ئاماژە بەوەش دەكات، جلوبەرگە كوردییەكانی هەر بەناو كۆنەن و وا رۆشتووەتە ناو خەڵكی، ئەگەرنا جلوبەرگی زۆر كەشخە و راقیشی تێدایە، هەیە كڕیویەتی تەنیا جارێك لەبەری كردووە و فرۆشتویەتییەوە.

دایە ئامینە ماوەی پێنج ساڵە ئەوە پیشەكەیەتی و وەك خۆی باسیشی دەكات، جلوبەرگەكان لە خەڵكی دەكڕنەوە و زۆرجاریش خەڵكی بێ بەرامبەر جلوبەرگە كوردییە كۆنەكانی خۆیان دەهێنن و هیچ بڕە پارەیەكیان لەبەرامبەر دا لێ وەرناگرن.

ئەو فرۆشیارە ئەوەش دەخاتەڕوو، كە كڕیارەكانیان تەنیا خەڵكی كەمدەرامەت نین، بەڵكو زۆرجار خاوەن پەیجەكانی ئۆنلاین دێن و جلوبەرگە كوردییە كەشخەكان هەڵدەبژێرن و بە نرخێكی كەم دەیكڕن و دواتر بە ئۆنلاین دەیفرۆشنەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر