''پێمان سەیرەو تووشی سەرسوڕمان بووین''
وەزارەتی دارایی هەرێم: ئەسیکۆدا کراوەتە ئامراز بۆ ئابڵوقەی ئابووری
ژووری هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری چەند خولەکێک پێش ئێستا روونکردنەوەیەکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت سیستەمی ئەسیکۆدا کراوەتە ئامرازێک بۆ ئەوەی ئابڵوقەی ئابووری بخەنە سەر هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خەمساردە لە دەرکردنی بڕیاری پێویست.
ئەسیکۆدا سیستەمی ئەلکترۆنی رێکخستنی گومرگەکانەو هەرێم و بەغدا کێشەیان هەیە لەسەری.
ئەم روونکردنەوەیەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەر بە وەزارەتی دارایی لە بارەی لێدوانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە دراوەو وەزارەت دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بووین لەم لێدوانە دەبوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان پەرۆش بێت بۆ پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا.
پێشتر عەدنان فەیحان دلێمی داوایکردبوو ئیتر بەغدا پارە بۆ هەرێم نەنێرێت هەتا ئەو کاتەی یەکلایی دەکرێتەوە ئاخۆ هەرێم چەندی پارە لەلایەو نەیناردووە.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی ئەم خاڵانەی تێدایە:
– حکومەتی هەرێم پابەند بووە بە گواستنەوەی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە ماوەی ساڵی 2025دا…لە بەرامبەردا، تەنیا بۆ ماوەی 10 مانگ لەو ساڵەدا بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین کراوە و شایستە داراییەکانی نێردراوە، لە کاتێکدا مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم دابین نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی لەو دوو مانگەدا مووچەی فەرمانبەرانی باقی دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی عێراق دابین کرابوو.
– لە ساڵی 2026دا، بەپێی ئەو رێچکەیەی کە پەیڕەو دەکرێت و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەردوولادا کراوە، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار، نیسان و ئایار گواستراوەتەوە، سەبارەت بە مانگەکانی ئادار و نیسان، داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا و نەگەیشتن بە رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی سەر بە هەرێم، کە ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکار هێنرا گفتوگۆکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم گەیشتوونەتە قۆناغەکانی کۆتایی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خەمساردی کراوە لە دەرکردنی بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە.
– لەبارتر بوو بۆ بەڕێز جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ پرسی خەرجی فعلی، کە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەم بەندەوە شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی بە تەواوەتی دابین نەکراون، لەوانەش شایستەی مووچە، کە ئەم بەندە تەنیا بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت نەک پارێزگاکانی تری عێراق.
– داواکردنی بڕین یان راگرتنی مووچەی توێژێک لە هاووڵاتیانی دەوڵەت بەبێ توێژەکانی تر جێگەی سەرسوڕمانە، بەتایبەت کاتێک لەلایەن کەسایەتییەکەوە بێت کە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لایە، کە ئەم پۆستە دەخوازێت پەرۆش بێت بۆ پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا.