خەڵكی بەهۆی گرانبوونی دەیفرۆشنەوە
یارییە ئەلیكترۆنییەكان بازاڕی فرۆشتنەوەیان گەرمترە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی گرانبوونی نرخەكەی و خواستی كڕینەوەی لەلایەن دوكاندارەكانەوە، خەڵكی پلەیستەیشن و ئێكس بۆكسەكانیان دەفرۆشنەوە.
بەهرۆز عەلی، دوكاندارێكی بازاڕی مەزادخانەكەی سلێمانییە و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، ئەمساڵ تووشی شۆك بووین و خەڵكی بەڕێژەیەكی بەرچاو ئامێرەكانیان دەفرۆشنەوە، لەچاو ساڵانی رابردووش نرخەكەی زۆر بەرزبووەتەوە و ئەوەندەی فرۆشیار زیاترە ئەوەندە كڕیارمان نییە.
وتیشی، رۆژانە نزیكەی 30 ئامێر دەكڕمەوە و هەر بە تەلەفۆن بۆم ئەنێرن و مامەڵەشی ناكەم، نرخەكانیش لە نێوان 100 تاوەكو 150 هەزار دینار گران بوون.
ئاماژەی بە هۆكارەكەشی دا و وتی، بەهۆی داخڵنەبوونی ئامێرەكان و بڕانی ئینتەرنێتە لە وڵاتی ئێران و چونكە ئامێرەكان بۆ بەكارهێنان ئینتەرنێتیان پێویست نییە، بۆیە ئێستا زۆربەی بۆ ئێران و بەشێكیشی بۆ بەغدا دەڕوات لەكاتێكدا پێشوتر بە پێچەوانەوە لەو دوو شوێنەوە بۆمان دەهات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی