کۆتا کاروانی حاجیان گەیشتە هەولێر

حاجییەکان: حەجەکەمان زۆر خۆش بوو

رێباز خدر-هەولێر

ئەمڕۆ کۆتا کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن کەسوکاریانەوە پێشوازیان لێکرا.

گوڵخاتر عەلی یەکێکە لە حاجیژنەکان و هەر کە گەیشتەوە فڕۆکەخانە منداڵەکانی بە گوڵ پێشوازیان لێکرد و وتی، حەجەکەمان ئەوەندە خۆش بوو کەم غەریبی ئێرەمان دەکرد.

جەمال جەلال کوڕی حاجی گوڵخاترە و دەڵێت، دایکم دەمێکە ئاواتی ئەوەیە بچێتە ماڵی خوا و حەج بکات، سوپاس بۆ خوا ئەمجارە هەر کە ناوی نووسی ناوی هاتەوە و توانی حەج بکات.

عەبدولرەزاق حەمو حاجیەکیترە و دڵی خۆشە ئەویش وتی، دوعام بۆ هەموو لایەک و کوردستان کرد، ئەمە دووەم جارە دەڕۆمە ماڵی خوا و هەردووجارەکەش لەگەڵ حاجیژن رۆشتوم.

“چوار زاوام هەیە و هەموویان بێ جیاوازی تەلەفونیان بۆ دەکردم کاتێک لەماڵی خوا بووم، دوعام بۆ هەموو ئومەتی محەمەد کردووە” حاجی سەدیقە سدیق وای وت.

پێداچوونەوە:شیرین ساڵح