"دەستێکی ناحەز هاتووەتە ناوچەکە"

دانیشتووانی پردێ: وەزعمان خراپە و با پیشمەرگە بگەڕێتەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دانیشتووانی پردێ دەڵێن وەزعی ناوچەکەیان خراپە و داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن.

دوای رووداوەکانی شەوی رابردوو چەند دانیشتوویەکی ناحیەی پردێ قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە، شێخ لەتیف دەڵێت، “بارودۆخی پردێ خراپە و چەند ساڵێکە دەستێکی ناحەز و دوژمنانی کورد هاتوونەتە ناوچەکە و جگە لەوەی فەلاحەکان دەڕفێنن و دواتر بەپارە بەریاندەدەن، فێربوون ناوەناوەش تیرۆریست و خراپەکار دێننە ناوچەکە”.

هاوکات زراز فازڵ پێیوایە، هەمووی ئەو رووداوانە بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەوەیە کە لە نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دروستبووە، بۆیە باشترین حەل ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە.

شەوی رابردوو لە ناحیەی پردێ، سێ چەکداری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپا و هێزەکانی عێراقدا کوژران و یەکێکیش دەستگیر کرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری