راپەڕین و قولەرەیسى بە سەرچنار و چەقچەق دەبەستێتەوە
بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغى؛ شەقامێکى 30 مەترى لە سلێمانى دروست دەکرێت
دیلان محەمەد- سلێمانى
دروستکردنى شەقامێکى نوێ لە شارى سلێمانى، بەشێک لە لۆد و قەرەباڵغى سەر شەقامەکان کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆى بەیەکەوە بەستنى گەڕەکەکانى راپەڕین و قولەرەیسى بە سەرچنار و چەقچەق.
شەقامەکە جوتسایدێکى 30 مەترییە و لە دوو قۆناغ پێکدێت، قۆناغى یەکەمى ئەمڕۆ بە درێژایى یەک کیلۆمەتر قیرکردنى بۆ دەکرێت و تەواو دەکرێت، قۆناغى دووەمى دەکەوێتە مانگەکانى داهاتوو کە دوا قۆناغە.
گرنگى شەقامەکە لەوەدایە، هەردوو گەڕەکى راپەڕین و قولەرەیسى بە سەرچنار و چەقچەق دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى لۆد و قەرەباڵغى. بەتایبەت کە لە سنوورى راپەڕین و قولەرەیسى چەندین پڕۆژەى نیشتەجێبوونى گەورە هەن.
محەمەد سەلام، وتەبێژى کۆمپانیاى شارى دایک کە لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکەن، بۆ 964 قسەى کردوو دەڵێت: شەقامەکە بەناوى چەقامى بابانە و جگە لە خزمەتە گشتییەکەى لە داهاتوودا دەبێت بە شەقامێکى بازرگانى، چونکە چەندین دووکان و رێستۆرانت و ناوەندى بازرگانى لەسەر دروست دەکرێن.
پێدچوونەوە: وریا فەتاح