حاجییەکانی سلێمانی هاتنەوە
وەکیلی بەرد تەقاندنیش بووە؛ ئەمساڵ رێک و پێک بوو
ئەحمەد مستەفا
ئەمساڵ زۆر رێک و پێک کرابوو پڕۆسەی حەج لەلایەن سعودیەوە، ئەمە قسەی حاجییەکە کە ئەم بەیانییە لە سلێمانی دوای فەریزەی حەج بە کەسوکاری شاد بوویەوە و قسەی بۆ 964 کرد.
ئەم بەیانییە کاتژمێر 7:30 یەکەم گەشتی حاجییەکانی سلێمانی بۆ گەڕانەوە لە حەج، گەیشت.
حاجی عەبدولڕەحمان نەجم، باسی پڕۆسەکە بۆ پەیامنێری 964 دەکات و دەڵێ، لەوێ دۆعای بۆ ئەو کەسانە کردووە کە داوایان لێ کردووە، بە تایبەت کەسی یەکەمی خێزانەکەی و دەشڵێ، کراوە بە وەکیل بۆ تەقاندنی بەرد لە کاتی شەیاتن رەجم کردن.
پێشتر، كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، رۆژی هەینی 5.6.2026 لە دووەم رۆژی پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییاندا هەزار و 29 حاجی دیکە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
بەپێی خشتەی دانراو، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی كوردستان نەکراوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕە ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 10.6.2026، سەرجەم حاجیان دەگەنەوە کوردستان.
ژمارەی تەواوی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ 2026، پێنج هەزار و 120 حاجییە، پشکی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمێک زیادکراوە و گەشتەکان سەرجەمیان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە ئەنجامدراون.