بەنزین لە كەركوك
بەهۆى کشانەوەى کۆمپانیایەکى بیانى
عێراق رۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزینى موحەسەن لە دەست دەدات
وریا فەتاح
وەزارەتی نەوتی عێراق هۆکاری قەیرانی کەمبوونی بەنزینی لە بازاڕەکاندا ئاشکرا کرد و دەڵێت، کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە پاڵاوگەکانی باشوور بەهۆی “مەترسییە ئەمنییەکان” و بەرزبوونەوەی پێوانەیی خواستی ناوخۆیی، هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی حوزەیرانی 2026)، وەزارەتی نەوت لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، جێهێشتنی کارەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیا بیانییەی کە بەرپرس بوو لە جێبەجێکردنی یەکەی شکاندن (FCC) لە پاڵاوگەکانی باشوور، بووەتە هۆی لەدەستدانی رۆژانەی 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزینی کوالێتی بەرز (موحەسەن).
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، هەرچەندە توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە 30 ملیۆن لیتر جێگیر بکرێت و پاڵاوگەکان بە زۆرترین توانای خۆیان کار دەکەن، بەڵام بەهۆی رۆژانی جەژن و بۆنە ئاینییەکانەوە خواست لەسەر بەنزین بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمارکردووە. تەنیا لە رۆژی چوارشەممەدا خواستی بەکارهێنان گەیشتووەتە 35 ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا پێشتر لە بەرزترین ئاستیدا تەنیا 32 ملیۆن لیتر بووە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دۆخە کورتهێنانێکی بە بڕی 4 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا دروستکردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان، لە ئێستادا پەنایان بۆ بەکارهێنانی یەدەگی عەمبارکراو بردووە.
لە لایەکی دیکەوە و پەیوەست بە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی هێرشی موشەکی و درۆنەوە کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت راگیرابوو، رۆژی چوارشەممە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆک ئەرکانی سوپا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە پاراستنی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا بیانییەکان لەمڕۆ پێنجشەممەوە.