کێڵگەیەکی گەنم لە کۆیە
دوو جۆری نوێی گەنم لە کۆیە بەرهەمهێنرا
964+
فەهمی نەبی
سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە رایدەگەیەنێت دوو جۆری نوێی گەنمیان بەرهەمهێناوە کە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی تۆمارکراوە و ئەمساڵ نۆبەرەی یەکەم بەرهەمی ئەو دوو جۆری گەنمە دروێنە دەکرێت.
سەنتەرەکە ماوەی دوانزە ساڵە خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو دوو جۆرە گەنمەن.
فەهمی ساڵح، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە، بە 964-ی راگەیاند، گرینگی ئەو توێژینەوەیە لەوەدایە ئەو دوو جۆرە نوێیەی گەنم لەگەڵ ژینگەی کۆیە و ئەو ناوچانە دەگونجێت کە ژینگەکەیان هاوشێوەی کۆیە دەبێت.
فەهمی ساڵح، ئەوەشی وت “لەو توێژینەوەیە چەند جۆرێک رەچەڵەکی گەنم لەیەک دراوە بۆتە جۆرێکی نوێی گەنم”.
رەچەڵەکی گەنم لەلایەن وەزارەتی کشتوكاڵ بە گەنم هەژمارناکرێت و لە قۆناغی دواتر و چاودێریکردن دەبێتە گەنم.
سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە ئەو دوو جۆری گەنمەی ناو لێناوە )کۆیە(4 و )کۆیە(18.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو دوو ناوە بۆ ئەو دوو جۆرە نوێیەی گەنم، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە وتی “هەر رەچەڵەکێکی گەنم ژمارەیەکی هەیە، ئەو دوو ژمارەیە سەرکەوتوو بوون بۆیە ئەو دوو ژمارەیەمان هەڵبژارد”.
بەپێی زانیاری ئەو سەنتەرە بێت، نمونەی ئەو دوو جۆرەی گەنم کە بەرهەمیانهێناوە، ئەمساڵ چوار جوتیار لە کۆیە و هەولێر چاندویەتی.
لەلایەکی دیکە فەهمی ساڵح، هۆشداری دەدات لەوەی، بەهار وەرزی هاتنەخوارەوەی مێرووی سنە، دەڵێت: پێویستە جوتیار ئاگاداری گەنمەکەی بێت ئەگەر هەستیکرد مێرووی سن لە کێڵگەکەی هەیە پێویستە زوو فریا بکەوێت، چونکە ساڵی پار کێڵگە هەبوو بەدەست ئەو مێروەوە حاڵی پەرێشان بووە.