بەڕێوەبەری ناحیەش قسەی جیاوازی هەیە
خاوەن نانەوخانەکانی خورماڵ دایانخستووە؛ بەشە غازمان کەمە
ئەمەل ناجی – خورماڵ
لەئەمڕۆوە ژمارەیەکی زۆر لە نانەواکانی خورماڵ دەرگای دوکانەکانیان داخست و بایکۆتی کارکردنیان کرد، بە وتەی خۆیان غازی کەمیان بۆ دابیندەکرێت و بەشیان ناکات.
وەک دەڵێن، بۆیە ناچارن شەش نان بکەن بە هەزار یان دەرگای نانەواکانیان دابخەن.
سالار حسێن نوێنەری نانەواکانی خورماڵ بە 964ی وت، پێش قەیرانەکە زستان بووە و گەشتیار کەم بووە، یان هەر نەبووە، بەڵام ئێستا رۆژ درێژە و لە کاتژمێر سێوە ئێمە نانمان حازرە، بۆیە ئەو بڕە غازەی پێشتر دابینکراوە بەشمان ناکات و داوای زیادکردنی بڕەکەی دەکەین، و نەهێشتنی ئەو جیاوازییە دەکەین کە لە نێوان نانەواکاندا دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ قسەی جیاوازی هەیە و دەڵێت، تەنیا بیانووە بۆ ئەوەی شەش نان بکەن بە هەزار و گرانفرۆشی بکەن، ئەگەرنا ئێمە ئەوە چەندین ساڵە بەو شێوازە غازمان بۆ دابینکردوون و کێشەیان نەبووە.
وەک باسی دەکات، ئێستاش کە بارودۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە، و ئێمەش رێگە بە گرافرۆشی نادەین، و مادام غاز وەک پێشوو دابیندەکرێت دەبێت ئەوانیش هەشت نان بکەنەوە بە هەزار دینار.
خورماڵ هەشت نانەوای نانی تەنووری تێدایە، جگە لە نانی ماشینی، سەمونخانە، ئەو شوێنانەی کە نانی هەورامی دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا