بردیانەوە بۆ هەمان ئەو شوێنەی تەرمی لێ دەشوشت

مردوو شۆرە بە ناوبانگەکەی کۆیە لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لە دەستدا

دەریا ئەحمەد -کۆیە

مردووشۆرە بە ناوبانگەکەی کۆیە ئەمڕۆ بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستدا، بردیانەوە بۆ هەمان ئەو شوێنەی تەرمەکانی لێ دەشوشت.

لە کۆیە خێرخوازێکی بەناوبانگ هەبوو بە ناوی (رێبوار موراد) کە خەڵکی هەر بە حاجی موراد بانگیان دەکرد، زیاتر لە دوو هەزار تەرمی لە مزگەوتی خێرخوازان شوشتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە (31.05.2026) بە رووداوێکی هاتوچۆ گیانی لە دەستدا.

پەیامنێری 964 لە کۆیە چووە لای مزگەوتی خێرخوازان و لە مامۆستا هاشم شێرەیی پرسی، ئەویش باسی حاجی رێبواری کردو وتی ”خۆی لەوانەیە دوو هەزار زیاتر، دوو هەزار و تەقریبەن دوو سەد و شتێک جەنازەی شوشتووە تا ئێستا لێرەدا، خۆی حەداد بوو، بە شەو و بە رۆژ فەقیرە، دەستی لەناو ئیش بوایە کە دەیانگوت ئەوە جەنازەیەکە، یەکسەر بەجێی دەهێشت و دەهات خێرەکەی دەکرد”.

حاجی رێبوار خۆی چەند ساڵە خۆبەخشانە ئەو خێرە دەکات، ئەمڕۆش هەر بۆ کارێکی خێری لەو شێوەیە چوو بوو کە لە رێگا پیکابەکەیان لەگەڵ میکسەرێک تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو بوو، خۆی و براکەی و زاواکەی گیانیان لە دەست دا.

مامۆستا هاشم پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی خێرخوازانەو لە نزیکەوە حاجی رێبوار دەناسێ، دەڵێ ”فەقیرە هەر تۆزێک بۆ خۆشی بڵێن مەسەلەن ئینسانێکی دڵساف و دڵناسک بوو، یانی کە یەکێک دەمرد لێرە، بۆی دەگریا فەقیرە، فرمێسکی دەهاتە خوارێ، زۆر خەمی ئەوانی بوو.. ئینشاڵا خوای گەورە لێی خۆش دەبێت و فیردەوسی بە قسمەت دەکات ئینشاڵا.”