منداڵبوون و ئاهەنگگێڕان نۆرەی بۆ گیراوە

میدیازان – پەرستۆ ساڵح – سلێمانی

سبەینێ رێکەوتەکەی جوانە ١١.١١.٢٠٢٢ بۆیە لەئێستاوە نۆرەی منداڵبوون گیراوەو ئەگەر کەسێکیش بەنیازی ئاهەنگێڕان بێت ئەوا هۆڵەکان بەرناکەون.

رۆژی هەینی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ یەکێکە لەرێکەوتە جوانەکانی ساڵ، بۆیە لەزۆربەی شارەکانی کوردستان کەسانێک پلانیان داناوە منداڵەکانیان لەو رۆژە لەدایک ببێ، تەنانەت ئەگەر بەلەدایکبوونی پێشوەختەش بێت.

“پێش وەختە نۆرە بۆ بەروارە جوانەکان وەردەگیرێت”

پەیامنێرانی میدیازان لەچەند شوێنێک سۆراخی نەخۆشخانەکانی منداڵبوونیان کرد

بۆ ئەوەی لەدایکبوونی کۆرپەکەی لە جوانترین بەرواردا بێت، دایکان ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دەخەنە مەترسییەوە وپێش وەختە نەشتەرگەری دەکەن.

 نەخۆشخانەی سۆمای تایبەت لەهەولێر دەڵێن تا ئێستا سێ دایک نۆرەیان گرتووە بۆ لەدایکبوون، لەنەخۆشخانەی دایک ژمارەکە بەهەمانشێوەیە، هەردوو نەخۆشخانەکە چاوەڕێ دەکەن سبەینێ سەردانکەرانی لەدایکببوون زۆر لەوە زیاتر بێت، ‘چونکە هەمیشە لەبۆنە تایبەتەکاندا ژمارەکان زۆر هەڵدەکشێن’.

لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان رێگەدەدرێت دایکان ناو تۆمار بکەن و بەنەشتەرگەری منداڵیان ببێ، تەنانەت ئەگەر کاتی لەدایکبوونیش نەبێت، بەڵام ئەوە لەنەخۆشخانە حکومییەکان رێی پێنەدراوە.

“لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان رێگەدەدرێت دایکان ناو تۆمار بکەن و بەنەشتەرگەری منداڵیان ببێ”

شلێر رەسوڵ بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی منداڵبوون لەسلێمانی بەمیدیازانی وت ‘تائێستا ھیچ دایکێک ناوی تۆمار نەکردووە لەلای ئێمە، ئەگەر حاڵەتی کتوپڕی منداڵ بون ھەبێت ئەوا لەو ڕۆژەدا وەریدەگرین، بەڵام  ئێمە رێگە بە منداڵبوونی پێش وەختە نادەین’.

ئەم رێکەوتە جوانە تەنیا بۆ منداڵبوون نییە، بەڵکو لەچەند هەفتەیەک لەمەوبەرەوە هۆڵەکانی ئاهەنگیش بەرناکەون.

شەماڵی دی جەی بەڕێوبەری ھۆڵی ئۆسکار لەسلێمانی بەمیدیازانی وت ‘ کەسێک مانگ ونیوێک لەمەوبەرھۆڵەکەی بۆ ئەو ڕۆژە بە کرێ گرتووە’.