دەڵێ ئامادەکاری بۆ لافاو کراوە

پارێزگاری هەولێر: ناوەندی شار زۆنی کۆبوونەوەی باراناوە

ئەحمەد مستەفا

پارێزگاری هەولێر ئەمشەو 28.10.2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی زستانی ئەمساڵ بارێکی باش ببارێ و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان بۆ رووبەڕوبوونەوەی لافاو و رێگریکردن لە زیانەکان ئامادەباش دەکەن.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، ناوەندی شاری هەولێر و هەندێک ناوچەی دیاریکراوی وەک گەڕەکی تەیراوە هەن، ئەو شوێنانەن کە لە کاتی بارینی بارانی زۆردا مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و روودانی لافاو لێیان هەیە.

بەپێی قسەکانی پارێزگار، تیمەکانیان دەستیان بە پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاوی باران و چارەسەرکردنی بەربەستەکان کردووە، ئەم کارانە لە چوارچێوەی پلانێکدا بەردەوام دەبن تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.

پارێزگاری هەولێر دەڵێ، ئەمساڵ بودجەی تایبەت بە بارودۆخی فریاکەوتن تەرخان نەکراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو رێکاری پێویست دەگرنەبەر.