هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەڵوەن ئاشکرا بوو

میدیازان – زینوێ راوی – دیسکی هەولێر

رووباری ئەڵوەن، یەکێکە لەو رووبارانەی لە وەرزی هاوین وشک دەبێت و لە زستانیشدا بەخۆرێک ئاوەکەی زۆر دەبێت مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ دەکرێت.

ئەحمەد دەلۆ، بەڕێوبەری بەنداوی خانەقین هۆکاری بەرزبونی ئاستی ئاوی ئەڵوەن لە وەرزی زستان ئاشکرا دەکات، دەڵێ ئەو بەرزبوونەوەیە پەیوەندیدارە بە بەردانەوەی ئاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت کرمانشان و سەرپێڵ و زەهاو.

بۆ میدیازان وتی “سەرچاوەی ئاوی ئەڵوەن، باران و ئەو ئاوەیە کە سەرچاوەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە وەک شارەکانی کرماشان و سەرپێڵ و زەهاو، بەهۆی ئەوەی ئەڵوەن هیچ بەنداوێکی لەسەر دروست نەکراوە، زۆربەی کات لە زستاندا مەترسی لافاوی لێ دەکرێت”.

“رووباری ئەڵوەن، یەکێکە لە رووبارەکانی کوردستان و کە سەرچاوەی ئاوەکەی زنجیرە چیاکانی نێوان کرمانشان و سەرپێڵ و زەهاوە، درێژییەکەی ١٦٠ کیلۆمەترە”

رووباری ئەڵوەن، یەکێکە لە رووبارەکانی کوردستان و کە سەرچاوەی ئاوەکەی زنجیرە چیاکانی نێوان کرمانشان و سەرپێڵ و زەهاوە، درێژییەکەی ١٦٠ کیلۆمەترە کە ١٢٠ کیلۆمەتری دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و ٤٠ کیلۆمەترەکەی تریشی دەکەوێتە باشووری کوردستان.

لەناو خانەقینییەکان قسەیەک هەیە لەبارەی ئەڵوەن، ئەویش ئەوەیە کە لە زستاندا ئەڵوەن تینوێتی دەشکێنێت.

ئەحمەد دەلۆ دەڵێ، هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی حەوز لەسەر رووباری ئەڵوەن تاوەکو لە هاویندا سوودی لێوەربگیردرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و باخ و باخداری.