لە شوێنێکی نهێنییە و ئێرانییەکانیش پێی نازانن

هەواڵگریی ئەمریکا شوێنی ئێستای موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات

فەرهاد حەسەن

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران لە ئێستادا لە شوێنێکی نهێنی رانەگەیەندراودا خۆی حەشارداوە و لە گۆشەگیرییەکی نزیک بە تەواوەتی لە جیهانی دەرەوە دەژی و دەڵێت “هیچ کەسێک ناتوانێت پێیبگات، تەنها لە رێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزی نێوەندگیرەکانەوە نەبێت”.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاگادار لە بابەتەکە بە تۆڕی “سی بی ئێس نیوز“ی ئەمریکییان راگەیاندوە کە ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی دەسەڵاتی پەیوەندییکردنیان بە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپەوە هەیە، رووبەڕووی قورسییەکی زۆر دەبنەوە لە گەیاندنی پەیامەکان بۆ ناو دامەزراوەکانی حوکمڕانی ئێران، بەهۆی ئەو کۆتوبەندە ئەمنییانەی کە بەسەر جوڵە و پەیوەندییەکانی خامنەییدا سەپێنراون.

بەرپرسەکان روونیان کردووەتەوە کە پەیام و پێشنیارەکانی ئەمریکا بەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی نێوەندگیرەکاندا تێدەپەڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنێکی درێژخایەن پێش وەرگرتنی هەر وەڵامێک لە لایەنی ئێرانییەوە، یەکێک لە بەرپرسەکان وتویوتی “هەر زانیارییەک بگاتە رێبەرەکە تاڕادەیەک کۆنە و خاوییەکی زۆر لە دەرچوونی وەڵامەکانیدا هەیە”.

بەرپرسێکی دیكە بە وەسفکردنی بارودۆخی شڵەژاوی ناو سەرکردایەتی ئێران دەڵێت “سەیرکردنی ئەوان کاتێک هەوڵدەدەن رێگەیەک بۆ پەیوەندیکردن بدۆزنەوە، وەک سەیرکردنی زنجیرەیەکی کۆمیدی وایە، ئەوان لەوپەڕی بێئومێدیدان”.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە رێبەری ئێران رێکاری ئەمنی نائاسایی دەگرێتەبەر بۆ خۆلادان لە هەر بەئامانجگرتنێکی ئەگەری؛ بەتایبەت دوای هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانی ئەم دواییانە کە بووە هۆی برینداربونی خۆی و گیانلەدەستدانی باوکی و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئێران.

بەپێی سەرچاوەکان، زۆربەی سەرکردایەتییەکانی ئێران ئێستا هەفتانە لەناو پەناگەی بەهێزکراودا دەمێننەوە، لەگەڵ کەمکردنەوەی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان خۆیاندا بۆ کەمترین ئاست، لە ترسی دزەکردنی ئەمنی.

سەرچاوەکان جەختیان کردەوە کە تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی ئێرانیش شوێنی ئێستای رێبەرەکە نازانن و هیچ هۆکارێکی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵیدا نییە؛ بەو پێیەی پەیامەکان لە رێگەی تۆڕێکی نهێنی نێوەندگیرەکانەوە دەگوازرێنەوە بە مەبەستی شاردنەوەی شوێنەکەی.

بەپێی راپۆرتەکە، رێبەری ئێران تەنیا بە ناردنی رێنمایی گشتی بۆ یاریدەدەرەکانی واز دەهێنێت، کە تێیدا ئەو پرسانە دیاریدەکات کە رێگەیان پێدراوە دانوستانیان لەسەر بکرێت و ئەو دۆسیانەی کە قەدەغەیە لە کاتی گفتوگۆکاندا بخرێنەڕوو.

موجتەبا خامنەیی کوڕی دووەمی عەلی خامنەییە و بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو کۆماری ئیسلامی دەناسرێت، کە ساڵانێکی زۆرە وەک “پیاوی پشت پەردە” رۆڵی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی نوسینگەی رێبەر و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکاندا بینیوە.