لە خەلەكان
پێكدادانی تڕێلەیەك و پاسێكی گەشتیاری چوار برینداری لێكەوتەوە
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لەنزیک گوندی شێخ مەنسوریانی نزیك ناحیەی خەلەكان، تڕێلەیەك مقەستی كردووە و خۆی كێشاوە بە پاسێكی گەشتیاری و چوار كەس بریندارن.
گوندی شێخ مەنسوریان، دەكەوێتە نێوان كانی وەتمان و ناحیەی خەلەكان، تڕێلەكە توركی بووە و پاسە گەشتیارییەكەش لەنەتەوەی عەرەب بوون و بەمەبەستی گەشتیاری بەرەو سلێمانی رۆشتوون.
مەڵبەند خەلەكانی، لە نەخۆشخانەی خەلەكان بە 964ی وت، كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، چوار برینداری روداوێكی هاتوچۆ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان و لێرە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
وتیشی “روداوەكە بەهۆی مقەستی تڕێلەكەوە بووە و دواتر خۆی كێشاوە بە پاسێكی گەشتیاری عەرەب و لەئەنجامی روداوەكە، چوار سەرنشینی پاسەكە بریندارن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، برینەكانیان قورس نەبووە و هەر لە نەخۆشخانەی خەلەكان چارەسەریان وەرگرتووە و هەر چوار بریندارەكەش لە نەتەوەی عەرەب بوون.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن