چی لەخۆ دەگرێ؟

رێکەوتنێک بۆ بوونی”خێزانی جێگرەوە” لە هەولێر واژۆ کرا

ئەحمەد مستەفا

بۆ سەرخستن و چەسپاندنی پڕۆژەی مرۆیی “خێزانی جێگرەوە” لە شاری هەولێر، بە فەرمی رێککەوتنامەیەکی یاسایی نوێ لەگەڵ خێزانێکی بەربژێردا واژۆ کرا.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە ئامادەکردنی تەواوی ئەو خێزانەیە لە رووی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرپرسیارێتیی لەخۆگرتن، بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵێکی پێویست بە چاودێری بگرنە ئەستۆ.

تابان سدیق، لێپرسراوی هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 25.5.2026 بە میدیاکانی وت، ئەم پرۆسەی واژۆکردنە، وەک قۆناغێکی یاسایی و کارگێڕی پێشوەختە و گرنگ هەژمار دەکرێت کە مەرج و رێساکانی پاراستنی مافی منداڵەکە دەستەبەر دەکات.

پڕۆژەکە بە گشتی کار لەسەر ئەوە دەکات کە ژینگەیەکی خێزانیی تەندروست، ئارام و پڕ لە سۆز بۆ ئەو منداڵانە دابین بکات کە بەهۆی بارودۆخی جیاوازەوە سەرپەرشتیاریان نەماوە.

ئەم منداڵانە لەبری مانەوەی درێژخایەن لەناو خانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەر بە حکومەت، شانسێکی نوێیان پێبدرێت تاوەکو لەناو ئامێزی گەرمی خێزاندا گەشە بکەن و هاوشێوەی هاوتەمەنەکانیان پەروەردەیەکی دروستیان بۆ دابین بکرێت.