دیمەنێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێن _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پرۆژەی رووناکی رەتدەکەنەوە
“خۆپیشاندانەکەی پێنجوێن مەدەنی و هێمن دەبێ”
ئەحمەد مستەفا
دوو و سێ رۆژە دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن بانگەوازی ئەوەدەکات، ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 02:00ی پاش نیوەڕۆ لە دەروازەی قەزاکە خۆپیشاندان بەڕێوەدەبەن و پڕۆژەی رووناکی بۆ قەزاکەیان رەتدەکەنەوە.
بە کورتی و بە روونی، ئەوان نرخی کیلۆواتی کارەبای پڕۆژەکە و ساردی ناوچەکەیان بۆ پێویست بوون بە ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و خۆشتن بە هۆکار دەزانن تا مانگانە بڕەی پارەی زیاتریان بۆ بێتەوە.
لەدواین پەیامدا لە هەژماری خۆیان دەستەکە بۆ هێزە ئەمنییەکان، باسی لەوە کردووە، داواکارییەکانی خەڵکی پێنجوێن رەوا و مەدەنییە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە بە هێمنی و بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن.
لە پەیامەکەدا ئەوە باسکراوە، خۆپیشاندانەکەیان مەدەنی و هێمن و دوور لە هەر شێوەیەک لە توندوتیژی دەبێت و لە هێزە ئەمنییەکانیش داوا دەکەن لە هەر هەنگاوێک دوور بن کە ببێتە هۆی ترساندن، تۆقاندن یان ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە.
دەستەکە ئاماژەی بە دۆخ و گوزەرانی خەڵک، کێشەی موچە و گرفتەکانی ژیانی هاوڵاتیان کردووە وەک بیانوویەک بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژەی رووناکی و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بدەن دەنگی خەڵک بە شێوەیەکی هێمن و مەدەنی بگات.