مەرجی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان تەوەری سەرەکین

ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە

وریا فەتاح

راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا وردەکاریی نوێ و گرنگ لەسەر رەشنووسی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکەن، کە چەندین مەرجی قورس و ئیمتیازی تێدایە و ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی “ئەکسۆس” و ئاژانسی “رۆیتەرز”، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنی دانوستان بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە ماوەی 60 رۆژدا، بەڵام داواکارییەکی تارانی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی پارەکان رەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەنیازە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت و لێخۆشبوون دەربکات بۆ ئەوەی رێگە بە ئێران بدات نەوت بفرۆشێت.

لەسەر پرسی ئەتۆمی، رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو یەکێکە لە بڕگە هەرە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە، واشنتۆن هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی کردووە ئەگەر ئێران بەمە رازی نەبێت. هەروەها رەشنووسەکە بەڵێنی ئێران لەخۆدەگرێت کە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، رێککەوتنەکە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ لەخۆدەگرێت، کە تیایدا گەرووی هورمز بە کراوەیی و بەبێ باج دەمێنێتەوە. هاوکات رەشنووسەکە روونی دەکاتەوە کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان کۆتایی دێت، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناکشێنەوە تاوەکو رێککەوتنی کۆتایی واژۆ دەکرێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشوازی لەم هەنگاوە دیپلۆماسییە کرد و رایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتنێک کە گەرەنتی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بکات، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئابووریی جیهانی و سەقامگیریی ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان پیرۆزبایی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد لەپێناو ئاشتیدا و هیوای خواست وڵاتەکەی میوانداری خولی داهاتووی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات بکات.