موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران - وێنە؛ میدیای ئێران
داواکارییەکە ناڕەزایی لێکەوتەوە
رێبەری ئێران داوا دەکات منداڵ بخەنەوە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی ئێکس، رێبەری باڵای ئێران موجتەبا خامنەیی داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، منداڵ بخەنەوە، ئەم داوایەش بووە جێی ناڕەزایی ئێرانەییەکان، کە هاوکاتە لەگەڵ مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها بارودۆخێکی سەختی ئابووری رووی لە ژیانی خەڵکی ئێران کردووە.
موجتەبا خامنەیی دەڵێت، “زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران”، ڕوونیشیکردەوە ” چاودێریکردنی رژدی سیاسەتی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان، وادەکات ئێرانییەکان بتوانن هەنگاوی بەرچاو بەرەو بنیاتنانی شارستانیەتێکی مۆدێرن بنێن، ئەمەش پێگەی تاران لە هاوکێشەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهێزتر دەکات”.
لە بەرامبەر ئەو داوایەی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەم بانگەوازانەی بە “ناواقیعی” ناوبردووە، لە ژێر رۆشنایی خراپتربوونی قەیرانەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و بێکاری .
ئاماژەیان بەوەش کرد کە هاندانی منداڵبوون بەبێ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و پشتیوانی کۆمەڵایەتی پێویست، رەنگدانەوەی بێبایەخکردنی ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم بنەماڵە ئێرانییەکانە و ئەم سیاسەتانە دوور لە جێبەجێکردنی پراکتیکی لەسەر زەمینە.
ترس لە زۆریی دانیشتووان لە ئێران
ئێران لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ساڵی 2016 دا نزیکەی 80 ملیۆن کەس بوون، بەڵام بەپێی سەرژمێری فەرمی، لە ساڵی 2025 ژمارەکە بۆ نزیکەی 92 ملیۆن کەس زیادی کردووە.