وێنەى ئەو دوو گەنجەى بە تۆمەتى ئەندامبوون لە حزبى دیموکرات، ئێران لەسێدارەى دان
بەتۆمەتى ئەندامبوون لە حزبى دیموکرات
ئێران دوو گەنجى کوردى لەسێدارەدا
وریا فەتاح
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەدا جێبەجێ کرد، کە پێشتر بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) حوکم درابوون.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، سزای لەسێدارەدانی هەردوو بەندکراوی سیاسی (رامین زەلە) و (کەریم مەعرووف پوور) لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی “میزان”ی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاستکردەوە و تۆمەتەکانیانی بە «ئەندامەتی لە گرووپە جیاخوازییەکان و راپەڕینی چەکداری» ناوبرد.
پێشینەی دۆسیەی هەردوو سزادراوەکە:
رامین زەلە: لە 22ی تەممووزی 2024 لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. دوای 507 رۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، لە دادگاییکردنێکی کورتدا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
کەریم مەعرووفپوور: لە 23ی ئازاری 2021 لە شاری سەردەشت دەستبەسەرکرا و دوای راگرتنی بۆ ماوەیەکی درێژ لە زیندانی تاکەکەسیدا، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ڕامین زەلە حوکمی لەسێدارەدانی پێدرا.