دیمەنی دوکانێکی مریشک لە سلێمانی _ وێنە: 964
تا هەزاری دیناری بۆ زیاد بووە
بەشی پێویست مریشک هەیە، جەژن نرخەکەی بەرزکردووەتەوە
ئەحمەد مستەفا
خەڵک دەچێ بیکرێ و دەزانێ نرخی زیاد بووە، لە فرۆشیارەکەش دەپرسی بۆچی، دەڵێ وانییە و هەروەکو پێشترە، ئەمە حکایەتی چەندبارە بووەوەی نرخی مریشک و شتەکانی تریشە، پێش جەژن لە هەرێمی کوردستان روودەدەن.
هەتا دوێنی دووشەممە، مریشک کیلۆی بە دوو هەزار و 500 دینار بۆ دوو هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 19.5.2026، سۆراغی 964 دەریخست هەر کیلۆیەک لە نێوان سێ هەزار و 500 دینار، بۆ سێ هەزار و 750 دینار دەفرۆشرێ.
بەوپێیە بێت، پێنج سەد دینار بۆ هەزار دینار بەهاری هەر کیلۆیەک لە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە، سیامەند جەلال مریشفرۆشە لە سلێمانی ئەو بە 964ی وت، وەک فرۆشیارەکان داوای هەرچەند بڕی مریشک بکەن بۆیان دەهێنن، دەستکەوتنی نەبووە بە قاتی، بەرزبوونەوەکە پەیوەندی بە جەژنەوە هەیە.
ئەم رۆژانە کە نۆمینەی حاجییانە و چوارشەممەی داهاتووش وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاری کراوە، کڕینی مریشک و پێداویستی دیکەش زیاد دەکەن، بەراورد بە گۆشتی ئاژەڵ بۆ خەڵک مریشکەکە بەردەسترە، ئەو مریشک فرۆشە وتی، قۆرخی بازاڕی ئازاد دەکرێ و بۆنەکان بە دەرفەت دەزانرێ بۆ قازانجێکی باشتر.
پێشتر، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی رایانگەیاندبوو، پێویستی ناوخۆ ساڵانەیان 147 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام ئەوان لەو ماوەیەدا 400 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنن و زیاتر لە 250 هەزار تۆن زیادەی بەرهەمیان هەیە و بۆیان ساغ ناکرێتەوە.
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی داتای کێڵگەکانی کردووە، ژمارەی پرۆژە پەلەوەرییەکان یاساییەکان هەزار و 960 کێڵگەیە و نزیکە 700 پرۆژەی پەلەوەری نایاسایش هەن و ئەوانیش بەرهەمی گۆشتی مریشک دابین دەکەن.