وەزارەتی دارایی:

 زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر کارتی بانکیی “هەژماری من”ـیان وەرگرتووە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆری حکومی لە چوارچێوەی پڕۆژەی “هەژماری من” کارتی بانکییان وەرگرتووە، هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەشی هەژماری بانکییان بۆ دروستکراوە 900 هەزاری تێپەڕاندووە.

پڕۆژەی “هەژماری من”، کە لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور راگەیەندرا، ئامانج لێی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی داراییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا، هاووڵاتییان و مووچەخۆران راستەوخۆ ئاگادار دەکرێنەوە سەبارەت بە پرۆسەکانی تۆمارکردن، کاتی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و ساتی دابەزینی مووچەکانیان.

سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی راکێشانی پارەش، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ـیان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاری بۆ مووچەخۆران.

بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە، ژمارەی ئامێرەکانی (ATM) بۆ زیاتر لە 1,000 ئامێر زیاد بکرێت، کە ئەم هەنگاوەش بە تەواوی لەگەڵ رێنمایی و ڕێساکانی بانکی ناوەندیی عێراق یەکدەگرێتەوە.