سیستمی بەرگریی ئاسمانی - پاتریۆت
دژی هێرشەکانی ئێران
ئەڵمانیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تورکیا دادەنێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین بەنیازە سیستمی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت) بۆ تورکیا جێگیر بکات لە چوارچێوەی نۆرەی ئەرکی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیی ناتۆدا.
وەزارەتەکە روونیکردەوە نزیکەی 150 سەرباز بە سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت لە شاری هوسوم لە باکووری ئەڵمانیاوە لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران و ئەیلولدا دەچنە تورکیا.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، سیستمەکە لە هەشت سەکۆی هەڵدان و یەکەیەکی رادار و ناوەندێکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر پێکدێت.
یەکەکەی ئەڵمانی جێگەی یەکەیەکی ئەمریکی دەگرنەوە، کە ئێستا لە تورکیا جێگیرن، ئەمەش لە چوارچێوەی جێگیرکردنی خولانەوەی نێوان ئەندامانی ناتۆ.
ئەو یەکە ئەمریکییە ئەرکی بەهێزکردنی بەرگرییەکانی تورکیای پێسپێردرا لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردبووە ئامانج، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوو کە لە 28ی شوباتی رابردوودا دەستیپێکرد.
هێزەکانی ناتۆ ڕایانگەیاند کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لانیکەم سێ جار رێگرییان لە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لە ئاسمانی تورکیا کردووە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی “بەرپرسیاریەتیی زیاتر لەناو ناتۆدا لە ئەستۆ دەگرێت”.
ئەڵمانیا پێشتر لە نێوان ساڵانی 2013 و 2015 سیستمی مووشەکی پاتریۆتی لە تورکیا جێگیر کردبوو بۆ ئەوەی یارمەتی پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بدات لە کاتی شەڕی سوریادا.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی گەڕۆکی ئەمریکی “پاتریۆت”، بۆ رێگریکردن لە مووشەکی بالیستی تاکتیکی و مووشەکی کروز و فڕۆکە دروستکراوە.